9 . خەرمانان . 2726
سەرەکیچالاکیبابەتراپۆرتوتارفرۆشگاهاوپۆل0پێوەندیفۆرمی ئەندامێتیپەیوەندی

کردنەوەی نووسینگەی ڕێکخراوی ژنان لە لۆزان

کردنەوەی نووسینگەی ڕێکخراوی ژنان لە لۆزان
26 . بەفرانبار . 2725

کردنەوەی نووسینگەی ڕێکخراوی ژنان لە لۆزان
ڕۆژی ١٦ی ژانوییەی ٢٠٢٦، بە بۆنەی کردنەوەی نووسینگەی ڕێکخراوی ژنان لە لۆزان، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین ساڵوەگەریی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوەیە، ڕێوڕەسمێک لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی کوردستانەوە بە بەشداریی ئەندامان و دۆستانی کورد و سویسی بەڕێوە چوو. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو ئازادیخوازان دەستی پێ کرد.

پاشان خاتوو کەژاڵ حاجی عەبباسی، بەرپرسی ڕێکخراوی ژنان، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و سوپاسکردنی ئامادەبووان و هاوبەشی و پشتگیریی هەمووان، باسێکی لەسەر چۆنیەتیی بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ژنانی کوردستانی، ئامانجەکانی ڕێکخراو و بەشێک لە کار و تێکۆشانی یەک ساڵی ڕابردوو پێشکەش کرد. بە بڕوای ناوبراو، شۆڕشی ژینا هۆکار بوو بۆ ڕەنگدانەوە، گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای ژنانی کوردستانی سەبارەت بەو کەموکورتییانەی کە بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کوردستانییەوە هاتبوونە ئاراوە؛ کە سەرەڕای زەحمەت و تێکۆشانێکی زۆر، نەتوانرا وەڵامدەر بێت و شۆڕشەکە لە دەرەوە بە ناوی فارس و ئێرانییەوە ناسێندرا. ئەو ڕووداوە بوو بە هۆی ئەوەی کە چەند ژنێکی تێکۆشەر بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، هەنگاوەکان خێراتر بکەن و بیر لە دامەزراندنی ڕێکخراوێک بکەنەوە.
بنەما و ئامانجەکانی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان بریتین لە: بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پاراستن و پێشخستنی زمان و کولتووری کوردی، پشتیوانی لە ژنانی کورد و کەمینە ڕەگەزییەکان، پێشوازیکردن و ڕێنماییکردنی تازەهاتووان، دروستکردنی تۆڕ و بەهێزکردنی بەشداریی ژنان لە کۆمەلگای سویس، پتەوکردنی سەربەخۆیی و متمانەبەخۆبوونی ژنان و پاڵپشتیی بەهێزکردنی ئابووریی ژنان لە کوردستان.
ئێستا ڕێکخراوی ژنان کار لەسەر چەندین دۆسیەی داوای مافی پەنابەری، یەکگرتنەوەی خێزانی، توندوتیژیی خێزانی و خاوەن‌‌پێداویستیی تایبەت دەکات. ئەم کارانە بە هاوبەشی و ئامادەبوونی پارێزەران، یاساناسان، پزیشکان، پەرستاران، توێژەرانی کۆمەڵایەتی و هاوبەشانی دیکە ئەنجام دەدرێن.
ڕێکخراوی ژنان یەکەم نووسینگەی لە مانگی ژووئییەی ٢٠٢٥ لە شاری ژنێڤ کردەوە و دووەمین نووسینگەشی لە هەفتەی ڕابردووەوە لە شاری لۆزان دەستبەکار بووە.
بڕگەی کۆتایی مەراسیمەکە، کردنەوەی پێشانگایەکی کاری دەستی و هونەریی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە دەست و پەنجەی ڕەنگینی خۆیان ئامادەیان کردبوو. لە کۆتاییدا بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە خواردنی کوردی میوانداری کران.