ڕاپۆرتی بەڕێوەبردنی شەوئاهەنگی کولتووری و هونەریی «سێوی مێخەکڕێژ»
لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی کوردستان
ڕێکخراوی ژنانی کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا، لە شەوی ٢٨ی فوریە لە شاری لوزان، شەوئاهەنگێکی کولتووری و هونەریی بە ناوی «سێوی مێخەکڕێژ» بەڕێوە برد.
ئەم بۆنەیە بۆ یەکەم جار لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی کوردستانەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو وەک هەنگاوێک بۆ زیندووکردنەوە و پاراستنی نەریتە کوردییەکان لە تاراوگە بەڕێوە چوو.
ئامانجی سەرەکیی ئەم بۆنەیە بریتی بوو لە پاراستن و زیندووکردنەوەی ئەم نەریتە دێرینەی کورد و گواستنەوەی بۆ نەوە نوێیەکان، وێڕای ڕەخساندنی کەشێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لێکنیزیککردنەوەی زیاتری ژنانی کورد و کۆمەڵگەی کوردی لە تاراوگە.
نەریتی سێوی مێخەکڕێژ سیمبولێکی مێژوویی کوردەوارییە بۆ ئەوینی بێکۆتایی، وەفاداری و بەردەوامیی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان. لە ڕێگەی ئەم نەریتەوە، ئامانج ئەوە بوو کە بەشێک لە کولتووریی کوردی لە ژینگەی تاراوگەدا زیندوو بکرێتەوە، بپارێزرێت و بۆ نەوە نوێکان بگوازرێتەوە. بەم پێیە، «سێوی مێخەکڕێژ» بوو بە پەیوەندییەک لەنێوان ڕابردوو و ئێستا، لەنێوان یادەوەری و هیوا، و لەنێوان کولتوور و یەکڕیزی.
شەوئاهەنگی ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی هەستیار و پڕ لە خەمی نیشتمانیدا بەڕێوە چوو. ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و شەهیدبوونی پۆلێک لە ڕۆڵە قارەمانەکانمان، هاوکات سەرکوت و کۆمەڵکوژیی سامناکی خۆپێشاندەرانی سەرەتای مانگی بەفرانباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بەتایبەت لە شارەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان، برینێکی قووڵیان لە جەستەی نەتەوەکەماندا بەجێهێشتووە. لەبەر ئەوە، ڕێکخراوەکەمان بڕیاری دا ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنێک بۆ یادکردنەوە، ڕێزلێنان و بەرزڕاگرتنی یادی قوربانیانی ڕێگەی ئازادی و نیشتمان.
ئامادەبووان بانگهێشت کران کە وێڕای مێخەکڕێژکردنی سێوەکان، بە پێشکەشکردنی سروود و گۆرانیی بەکۆمەڵ، یاد و ڕۆحی بەرزی شەهیدان و سەرجەم ئازادیخوازانی نیشتمان بەرز را بگرن.
لە پەیامی بۆنەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کولتوور و نەریتە کوردییەکان دەتوانن ببنە پردێک بۆ نزیککردنەوەی دڵەکان، بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی هەستی هاوبەش.
شەوئاهەنگی «سێوی مێخەکڕێژ» چەند ئامانجێکی سەرەکیی هەبوو:
• زیندووکردنەوە، پاراستنی نەریتە کوردییەکان و گواستنەوەیان بۆ نەوە نوێیەکان لە تاراوگە.
• بەهێزکردنی یەکڕیزی، هەستی هاوبەش و پەیوەندیی نیشتمانی لەنێوان ژنان.
• ڕەخساندنی کەشێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ کۆکردنەوەی کوردانی تاراوگە.
• ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی قوربانیان و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.
• گەشەپێدانی چالاکییە کولتووری و هونەرییەکانی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان.
• دروستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ کۆکردنەوەی ژنان، خێزانەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی.
شەوئاهەنگی «سێوی مێخەکڕێژ» هەنگاوێکی گرنگ و سەرکەوتوو بوو بۆ ڕێکخراوی ژنانی کوردستان. هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە نەریتێکی ساڵانەی بەردەوام و لە داهاتوودا بە بەشداریی زیاتری خێزانەکان بەڕێوە بچێت.
ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکەمان ئەوەیە ببێتە چەترێکی شکۆدار بۆ کۆکردنەوە، پشتیوانی و بەهێزکردنی ژنانی کورد و ڕەوەندی کوردی لە سویس.
ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ ئەوەی ژنان و ئەندامانی کۆمەڵگای کوردی لە تاراوگە لە ژینگەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و هاوڕێیەتی کۆ ببنەوە، بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ لە پاراستنی نەریتێکی کۆنی کوردی بکەن و لە هەمان کاتدا یادی قوربانیانی ڕێگەی ئازادی بەرز ڕابگرن.
ڕێکخراوی ژنانی کوردستان – لوزان
٢٨ی فوریە ٢٠٢٦