9 . خەرمانان . 2726
سەرەکیچالاکیبابەتراپۆرتوتارفرۆشگاهاوپۆل0پێوەندیفۆرمی ئەندامێتیپەیوەندی

ڕاپۆرتی چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان ساڵی ٢٠٢٥

ڕاپۆرتی چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان ساڵی ٢٠٢٥
6 . پووشپەڕ . 2726

ڕاپۆرتی چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان ساڵی ٢٠٢٥  

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، ڕێکخراوی ژنانی کوردستان بەردەوام پشتیوانی، ڕێنمایی و هاوکاریی کوردستانیانی دانیشتووی سویسی کردووە کە ڕووبەڕووی کێشە و گرفتە یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئیداری و تاکەکەسییەکان بوونەتەوە.
بۆ دابینکردنی پشتیوانییەکی گونجاو بەپێی پێویستیی هەر کەسێک، لەگەڵ کۆمەڵێک پارێزەر، پزیشک، پەرستار، دەروونناس، کارمەندی کۆمەڵایەتی، قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان، هەروەها ئیدارەی بەرزی پەنابەری (SEM)، دادگای فیدراڵ و ژمارەیەک لە دامەزراوە تایبەتەکان، بە نزیکەیی هاوکاری‌مان کردووە.
پشتیوانیی یاسایی و بەدواداچوونی کەیسەکان :   ڕێکخراوی ژنانی کوردستان لەگەڵ دەفتەرە یاساییەکانی سێ کانتۆن کە لە بواری یارمەتیدانی پەنابەراندا چالاکن، هاوکاری و هەماهەنگی دەکات.
تا ئێستا، ١٨ پەڕووندەی یارمەتیدان و بەدواداچوونمان بەڕێوە بردووە کە بابەتە جۆراوجۆرەکان لەخۆ دەگرن؛ لەوانە پرۆسەکانی پەنابەری، توندوتیژیی ناوخێزانی، یەکخستنەوەی بنەماڵە، کاروباری یاسایی و پشتیوانیی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.
بواری پەنابەری: لە بوارى پەنابەریدا، ڕێکخراوەکەمان بەدواداچوونی ٨ کەیسی کردووە.
لە نێوان ئەم کەیسانەدا، دوو کەیس وەڵامی ئەرێنیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا کە کەیسەکانی دیکە هێشتا لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە، لەوانە دادگای فیدراڵیی ئیداری ، لە ژێر لێکۆڵینەوە و چاوەڕوانیی وەڵامن.
ڕێکخراوەکەمان لە هەموو ئەو قۆناغانەدا کە پێویستیان بە ڕێنمایی و بەدواداچوون هەبووە، هەوڵی دابینکردنی پشتیوانیی گونجاوی بۆ ئەو کەسانە داوە.
توندوتیژیی ناوخێزانی: لە بوارى توندوتیژیی ناوخێزانیدا، ٣ کەیسمان هەبووە و پشتیوانیی پێویستمان بۆ ئەو ژنانە دابین کردووە.
ئەم پشتیوانییە بریتی بووە لە ڕێنمایی و هاوکاری لە بواری پاراستنی مافەکان، پرۆسەی جیابوونەوە و تەڵاق و بەدواداچوونی دۆخی ژیان و ئاسایشیان. هەروەها، لەگەڵ دەسەڵاتە دادوەرییەکان و دامەزراوە پسپۆڕەکان هاوکاری‌مان کردووە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی ئەو ژنانە و پاراستنی مافەکانیان.
یەکخستنەوەی بنەماڵە: دوو کەیسی یەکخستنەوەی بنەماڵەمان هەبووە کە بە خۆشحاڵییەوە یەکیان وەڵامی ئەرێنی وەرگرتووە.
پشتیوانیی تایبەت: ڕێکخراوەکەمان کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتی لەگەڵ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بە هاوبەشی هاوکاری کردووە. ئەم پشتیوانییە وای کردووە ئەو کەسە بتوانێت دەستگەیشتن بە کۆرسی زمانی، بەدواداچوونی تایبەت و پشتیوانیی پەروەردەیی گونجاو، بەپێی پێویستییەکانی خۆی، بەدەست بهێنێت.
بواری جیاوازیی کۆمەڵایەتی: چەند کەیسی جۆراوجۆرمان لە بواری جیاوازیدا هەبووە کە لە ڕێگەی هاوکاری و پەیوەندییەکانمانەوە یارمەتیی پێویستمان پێیان کردووە.
زیادبوونی داواکارییەکان و سنوورداریی سەرچاوەکان :لە دوای دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان لە ١٩ی ژانویەی ٢٠٢٥ەوە، ژمارەی داواکارییەکانی پشتیوانی و هاوکاری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە.
بەڵام، بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوە مرۆیی و داراییەکانمان، نەمانتوانیوە وەڵامدەرەوەی هەموو داواکارییەکان بین. بۆیە ناچار بووین سەرەتا کەیسە هەستیار، ئالۆز و فۆرییەکان هەڵبژێرین و پشتیوانیی پێویستیان بۆ دابین بکەین.
 پڕۆژە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان : لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، ڕێکخراوەکەمان دوو پڕۆژەی پەروەردەیی و پشتیوانی پێشکەشی کانتۆنی ڤۆ کردووە.ئەم پڕۆژانە لە کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتەدا لە چاوەڕوانیی وەڵامی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دان.

ڕێکخراوەکەمان لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٥دا دەفتەرێکی فەرمی لە ژنیڤ و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا دووەمین دەفتەری ڕێکخراوەکەمان لە لۆزان کردووەتەوە.
لەگەڵ چالاکییە مەیدانییەکان، ڕێکخراوەکەمان بەردەوام بووە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، زانیاری و ڕاوێژکاری لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

هەروەها، دامەزراندنی ماڵپەڕی ڕێکخراوەکە بە ناونیشانی www.womenofkurdista.ch
هەنگاوێکی گرینگ بووە بۆ بەهێزکردنی ناسنامە و دەرکەوتن و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە زانیارییەکان سەبارەت بە ڕێکخراوی ژنانی کوردستان، چالاکییەکان و خزمەتگوزارییەکانی.

ئامانج و ئەرکی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان  :ئامانجی سەرەکیی ڕێکخراوی ژنانی کوردستان، بە گشتی، پاراستن و پشتیوانیکردنی مافە بنەڕەتییەکانی کوردستانیانی دانیشتووی سویس و، بە تایبەتی، پشتیوانی و پاراستنی مافەکانی ژنانی کوردستانییە.

ڕێکخراوەکەمان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پشتیوانی، ڕێنمایی، هاوکاری و بەشداریی کۆمەڵایەتییەوە، یارمەتیی ئەو کەسانە بدات کە پێویستیان بە پشتگیری و هاوکاری هەیە.

بە پشتیوانیی، هاوکاری و بەشداری، ئەندامان ، خۆبەخشەکان و پشتگیریکەرانمان، دەتوانین بەردەوام بین لە بەجێهێنانی ئەرکەکانمان، دامەزراندن و پەرەپێدانی چالاکییەکانمان و دابینکردنی یارمەتیی کاریگەر بۆ ژمارەیەکی زیاتری ئەو کوردستانیانەی لەپێویستیان بە یارمەتی و بە پشتیوانی هەیە .