ماوەیەکە دەمەوێت بێدەنگ بم و هیچ لە سەر ژنان نەنووسم ، ژنانێک کە قوربانی کردنیان لە لایەن نێرینەکانی ژیانیانەوە چیرۆکێکی بێ کۆتاییە و دەنگ هەڵبڕین و قەڵەم بە دەستەوە گرتن و نووسین هیچی لەم زۆڵمە گەورە نەگۆڕیوە و کورد وتنی ( ئاو بە بێژەنگ کێشانە).
هەر ژنێک کە ئەکوژرێت پێش کوشتنی هەزاران جار قوربانی کراوە ، بە هەڕەشە ، بە بێرێزی کردن بەرامبەری ، بە چاودێری بە ترساندنی ، بە خەیانەت و بە بێدەنگی بە بێ لانەیی .
لەوانەیە پێش لەوەی فیشەکێک لە دەستی باوکیەوە بەرەو ڕووی بووبێتەوە ، پێش لەوەی چەقۆیەک لە لایەن براکەیەوە بە دڵیدا بچەقێت ، پێش لەوەی دەستێک لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە نییەتی کوشتی بەرز بێتەوە ، بارها و بارها لە ناخەوە شکێندراوەتەوە ، لەوانەیە لای کەسە نزیکەکانی بارها باسی ئازارەکانی کردبێت و بە ڕوونی هاواری کردبێت کە دەترسم.
لەوانەیە بنەماڵەکەی هەستیان بە دەردە شاراوەکانی کردبێت ، لەوانەیە جیرانەکانی بارها گوێیان لە دەنگی بووبێت ، لەوانەیە هاوڕێکانی لەشی شین و ڕەش کراوەیان دیتبێت، خەبەرداری هەڕەشەکان لە سەری و ترسەکانی بووبێتن ، بەڵام بەداخەوە زۆرجار کۆمەڵگا کاتێک بەو توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان ئەزانێت کە کار لە کار ترازاوە و هیچ ناکرێت .
ئەگەر لایەنی ڕاستیەکەی باس بکەم بە مردن و کوشتنی ژنان ڕاهاتووین وە ئەمەش ڕەنگە لە خودی جەنایەتەکە ترسناکتر بێت .
هەموو ڕۆژێک هەواڵێکی تازە دێت ، ژنێک کوژرا ، ژنێک بە دەستی هاوسەرەکەی یان باوک یان برا یان نزیکترین کەسەکانی کوژرا ، ژنێک بوە قوربانی توندوتیژیەک کە ماوەیەکی زۆر پێش کوشتنی دەستی پێکردبوو .
چەن ڕۆژێک دەبێتە گەرمی بازاڕی سوشیال میدیاکان ، چەن وێنەیەکی لێ بڵاو دەکەینەوە ، لە ڕووی تووڕەییەوە چەن وشەیەکی توند بەکار دەبەین و تەواو... ژیانمان بەردوام دەبێت و تا هەواڵێکی دڵتەزێنی تر ...
بەڵام بیرمان ئەچێتەوە کە ژیان بۆ ئەو ژنە تەواو بووە و بەردەوام نابێت
بۆ مناڵێک کە دایکی بووەتە قوربانی ، بۆ دایکێک کە چیتر دەنگی کچەکەی نابیسێت ، بۆ کۆمەڵگایەک کە هەر ڕۆژ یەک لە ژنەکانی کە (دەوترێت نیوەی کۆمەڵگان ) کەسێکی بۆ هەمیشە لە دەست داوە .
نابێت کوشتنی ژنان تەنها وەکوو باسێکی بنەماڵەیی چاو لێبکەین ، توندوتیژی لە ماڵەکاندا کاتێک دەگات بە هەڕەشە ، بە لێدان و ئەشکەنجە و کوشتن چیتر کێشەیەکی تاکەکەسی و پریوات نییە پرسێکی مرۆڤی و کۆمەڵایەتییە ، ماڵێک کە تێیدا ژن دەبێت هەست بە ئارامی و ئەمنیەت بکات، نابێت ببێتە زیندان و قەتڵگا بۆیان .
نە نامووس ئەتوانێت پاساوێک بۆ کوشتن بێت، نە تووڕەیی نە غیرەتی بە ناو پیاوانە ، نە کێشەی خێزانی، نە کێشەی ئابووری نە ئێعتیاد نە هیچ بەهانەیەکی تر ناتوانێت گیانی بەشەریک لە بەرچاودا ئەوەندە سووک و بێ بەها بکات کە حوکمی نەمانی بدرێت .
تا کەی دەبێ هاوار بکەین کە ژن موڵکی کەس نییە. جسمی ژن ، ژیانی ، هەڵبژاردەکانی تایبەتن بە خۆی ، کەس مافی ئەوەی نییە بە ناوی خۆشەویستی ، شەڕەف یان... کۆنترۆڵی ژیانی بکات.
مەحکوم کردنی بکوژ بۆ ئەو کارە قیزەونە هەر چەند کە پێویستە بەڵام بەس نییە. دەبێ لە خۆمان ئەو پرسیارە بکەین چەن جار پێش لەوەی ئەم کارەساتە ڕوو بدات ، هەستمان بە توندوتیژی کردووە و ئێمە بە جددی وەرمان نەگرتووە؟
چند جار ژنێک کە لامان باسی ئازارەکان و ترسەکانی کردووە،پێمان وتووە خۆڕاگر بێت ؟
چەند جارمان پێ وتووە با ئابڕووت نەچێ ،لەوانەیە تووڕە بووبێت ،ژیانت مەشێوێنە ،بە بۆن مناڵەکانت تەحەمۆڵی کە ؟؟؟
هەندێک جار ڕستەیەک، بێباکیەک و تەنانەت بێدەنگیەک ئەتوانێت ئەو ژنە زۆڵم لێکراوە هەنگاوێک بە مردن نزیک کاتەوە ئێستا چی لە ڕێگای کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی بێت چی بە دەستی نێرینەکانی ژیانیەوە بکوژرێت .
بە جێی ئەوە لە ژنێک کە ساڵانێکە لە ژێر باری توندوتیژیدا بووە پرسیار بکەین بۆ تا ئیستا بێدەنگ بوویت ، دەبێ کۆمەڵگایەک ببەینە ژێر پرسیار کە گوێی لە دەنگی ژنان کەڕ کردووە و هاوارەکانیان نابیسێت.
ژنانی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو تەواوی ژنانی دونیا دەبێ مافی ئەوەیان هەبێت کە بێ ترس بژین، مافی (نا) وتنیان هەبێت
دەبێ مافی هەڵبژاردنیان هەبێت ، مافی عاشق بوون ، جیا بوونەوە ، بۆ داهاتووی خۆیان بڕیاردان ، بە بێ ئەوەی بەهای هەڵبژاردنیان بە گیانیان بدەنەوە.
تا کەی دەبێت کۆمەڵگایەک بین کە دوای هەر کوشتن و بڕینێک ماتەمینی بگێڕین و نەمانتوانیبێت پێش بەو کارەساتە قیزەونانە بگری.