ژنکوژی؛ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان کێشەیەکی سیاسی، یاسایی و پێکهاتەیی؟
کۆمەڵناس و فێمینیستی ئەفریقای باشوور Diana Russell، لە ساڵی ١٩٧٦ لە International Tribunal on Crimes Against Women لە برۆکسێل، چەمکی Féminicide یان ژنکوژی بە شێوەیەکی سیاسی و فێمینیستی خستە ناو باسە گشتییەکان. مەبەستی لە بەکارهێنانی ئەم چەمکە ئەوە بوو کە کوشتنی ژنان چی دیکە تەنیا وەک تاوانێکی تاکەکەسی نەبینرێت. بەڵکو پەیوەندیی نێوان تاوانەکە و دەسەڵاتی ڕەگەزی بخرێتە بەرچاو. کەواتە، وشەی «ژنکوژی» تەنیا ناوێکی نوێ بۆ «کوشتنی ژن» نییە، بەڵکوو چەمکێکە بۆ تێگەیشتن لەو پێکهاتە سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتییانەی کە دەتوانن توندوتیژی دژی ژنان بەرهەم بێێنن یان بەردەوامی پێ بدەن. هەروەک دەزانین، ژنکوژی (Féminicide) سنووری جوگرافیایی ناناسێت. لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئورووپا و ئەمریکا، ژنان زۆرجار بەهۆی هۆکارەکانی وەک ڕەگەز، پەیوەندییە سۆزدارییەکان، هەوڵی جیابوونەوە، سەربەخۆیی ئابووری، هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، یان تەنیا بەهۆی ئەوەی ژنن، دەبنە ئامانجی توندوتیژی و هەندێک جاریش کوشتن.
بەڵام ئەوەی جیاوازیی نێوان کۆمەڵگاکان دروست دەکات، تەنیا بوونی تاوانەکە نییە؛ بەڵکوو شێوەی مامەڵەکردنی کۆمەڵگا، یاسا و دەوڵەت لەگەڵ ژن و توندوتیژی دژی ژنان، پێش تاوان، لە کاتی تاوان و دوای تاوانە. بنەمای هاوبەشی زۆرێک لە ژنکوژییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی پیاومەزنی؛ سیستەمێک کە بە شێوە جیاوازەکان هەوڵ دەدات جەستە، پەیوەندی، کار، هەڵبژاردن و سەربەخۆیی ژن کۆنترۆڵ بکات. بەڵام هەڵەیە ئەگەر بڵێین سیستەمی پیاومەزنی لە هەموو شوێنێک بە هەمان شێوە کار دەکات. یاسا، دەوڵەت، پۆلیس، دادگا، خێزان، نەریت و دامەزراوەکانی پاراستن لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا دەتوانن دەسەڵاتی پیاومەزنی بەهێزتر بکەن، یان بە پێچەوانەوە سنووری بۆ دابنێن و ژنان بپارێزن. بۆ نموونە، لە بەشێک لە کۆمەڵگاکانی وەک کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێشتا بەهۆی بەهێزیی سیستمی پیاومەزنی لە یاسا و کۆمەڵگادا،کوشتنی ژنان لەژێر ناوی “نامووس”، “شەرەفی خێزان”، “پاراستنی نەریت” یان «پاککردنەوەی ناوی خێزان»، پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە. جگە لەوەش، ئەم دەستەواژانە هەڵگری بیرۆکەیەکی مەترسیدارن؛ وەک ئەوەی جەستە و بڕیاری ژن هی خۆی نەبێت، بەڵکوو بەستراویە بە شەرەف و دەسەڵاتی پیاوانی خێزانەوە. لەم ڕوانگەیەوە، کاتێک ژنێک کار دەکات و سەربەخۆیی ئابووری بەدەست دەهێنێت، یان هاوسەرێک ڕەت دەکاتەوە وداوای جیابوونەوە دەکات، یا هەر هەڵبژاردنێک دەکات کە لەگەڵ خواستی خێزان یان پیاودا نەگونجێت؛ لەم جۆرە سیستمەدا ئەم سەربەخۆییە دەتوانیت وەک سەرپێچی و هەڕەشەیەک بۆ دەسەڵات و شەرەفی پیاو تەماشا بکرێت.
لە هەمان کاتدا، کاتێک ڕەهەندی ئەم کێشەیە بەراورد دەکەین، دەبینین کە لە ئورووپا و ڕۆژئاواش ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە. ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی ئورووپا بە ڕوونی نیشان دەدەن کە ژنکوژی و توندوتیژی تەنیا کێشەی کوردستان یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. بەپێی ڕاپرسییەکی گەورەی Eurostat، FRA و EIGE بە بەشداریی زیاتر لە ١١٤ هەزار ژن، نزیکەی یەک لە سەر سێی ژنان لە یەکێەتیی ئورووپادا لە ژیانی خۆیاندا تووشی توندوتیژیی جەستەیی، سێکسی یان هەڕەشە بوونەتەوە. هەروەها ئامارەکانی پەیمانگەی ئورووپایی بۆ یەکسانیی ڕەگەزی (EIGE) نیشان دەدەن کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە ٢٢ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئوروپا ١٢٣١ ژن وەک قوربانیی کوشتن تۆمار کراون. لە ١٨ وڵاتدا کە داتایان بەردەست بووە، ٦٧٨ ژن لە چوارچێوەی توندوتیژیی ناوماڵدا کوژراون، واتە نزیکەی ١٣ ژن لە هەر هەفتەیەکدا.
لە ١٧ وڵاتیشدا ٤٨٤ ژن لە لەژێر ناوی «خۆشەویستیی بێئامان (Amour passionnel) کوژراون؛ واتە نزیکەی ١٠ ژن لە هەر هەفتەیەکدا. سەرەڕای بوونی ئەم کێشەیە لە ڕۆژئاوا، زمان و دەستەواژەکانی بەکارهاتوو بۆ تاوانەکان جیاوازن. زۆرجار تاوانەکان لەژێر ناوی "ئیرەیی"، "تاوانی خۆشەویستی"، "نەتوانینی قبووڵکردنی جیابوونەوە" یان "ناکۆکیی خێزانی" دادەپۆشرێن. بەڵام گۆڕینی وشەکان بنەمای تاوانەکە ناگۆڕێت. کاتێک پیاوێک نەتوانێت سەربەخۆیی ژنێک قبووڵ بکات و بۆ سەپاندنەوەی کۆنترۆڵی خۆی پەنا بۆ توندوتیژی ببات، ڕەگ و ڕیشەی ئەو هەڵسوکەوتە لە هەمان ڕوانگەی پیاومەرنی دایە، جا ئەوە لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت.کەواتە نابێت ژنکوژی وەک تایبەتمەندیی کەلتووری کوردستان یان ناوچەیەکی دیاریکراو سەیر بکرێت. ژنان لە پاریس، بەرلین، ڕۆم یان ستۆکهۆڵمیش دەتوانن لەلایەن هاوسەر، هاوبەشی پێشوو یان ئێستایانەوە بکوژرێن. جیاوازییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە کۆمەڵگا، یاسا و دەوڵەت چۆن ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبنەوە.
ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە فێمینیزمی کوردستانی .کوردستانی پێویستە دەستی لەسەردا بنێت. بۆ نموونە، لە سیستمێکی یاسایی وەک ئێراندا، یاسا خۆی لە ڕێگەی ماددەی ٣٠١ (لادانی قصاص لەسەر باوک) و ماددەی ٦١٢ (کەمکردنەوەی سزای سەرپێچی - تەعزیری) پاساو بۆ بکوژ دەدۆزێتەوە و ژن لە قوربانییەوە دەکاتە تاوانبار. ئەم ماددەیە لە پەڕاوەکانی کوشتنی بە ناوی "نامووس"دا ڕاستەوخۆ ئاسانکاری بۆ بکوژی باوک دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، بەپێی ماددەی ٦١٢ی بەشی سزای سەرپێچی ، ئەگەر کوشتنێکی بەئەنقەست ڕوو بدات و بە هەر هۆکارێک تۆڵەسەندنەوە(قصاص) جێبەجێ نەکرێت،وەک ئەوەی لە ماددەی ٣٠١دا هاتووە، دادگا دەتوانێت بکوژەکە تەنیا بە ٣ تا ١٠ ساڵ زیندانیکردن سزا بدات، کە ئەمەش سزایەک لەخۆدەگرێت زۆر سووکتر لە تاوانەکە. کەواتە لە هەندێک کوشتنی ناوخێزانی یان بە ناوی "نامووس"دا، جیاوازیی نێوان بکوژی باوک و بکوژێکی نامۆ تەنیا جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو لە خودی یاسادا ڕەنگدانەوەی هەیە. لێرەدا تەنیا لە بیرکردنەوەی پیاومەزنی قسە ناکەین، بەڵکوو لە نایەکسانییەک قسە دەکەین کە ڕاستەوخۆ لە ناو دەقی یاسادا نووسراوە.
بەڵام، کێشەکە تەنیا بوون یا نەبوونی ماددە یاساییەکان نییە، بەڵکووکێشە سەرەکییەکەی، نەبوونی یاسایەکی گشتگیر و جێبەجێکراو بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژیە. چونکە نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر ڕەهەندێکی مەترسیداری هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە پاراستنی ژن تەنیا دوای ڕوودانی تاوانەکە دەست پێی دەکات، لە کاتێکدا پێویستە سیستەمێک هەبێت کە بەر لە کوشتن هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکان، ناسینەوەی هەڕەشەکانی کوشتن، دابینکردنی پاراستنی دەستبەجێ، دروستکردنی پەناگەی شاراوە، پێشکەشکردنی پشتیوانیی یاسایی و کۆمەڵایەتی، و دەستێوەردانی خێرای پۆلیس و دادگا بکات. لە بەر ئەوە،بەرەنگاربوونەوە دەگەڵ ژنکوژی تەنیا بە وتار، سیمینار، کۆنفرانس و دروشم ناکرێ. بۆ تێگەیشتن لە کیشەی ژنکوژی، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بەرەنگاربوونەوەی، پێویستە لێکۆڵینەوەی قووڵی مەیدانی بکرێت و ریکخراوەکانی ژنان بە هاوکاریی کۆمەڵناس، یاساناس و دەروونناس هۆکارە سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنکوژی بخەنە بەر لێکۆڵێنەوە.
لێرەدایە کە ئەرکی بنەڕەتیی فێمینیزمی سیاسیی کوردستانی، بە هێنانە بەرباسی پرسیارە سەرەکی و بنچینەییەکان، دەست پێ دەکات. نابێت تەنیا بپرسین "کێ فلان ژنی کوشت؟" یان "بۆچی کوژرا؟". بەڵکوو پێویستە لە ئاستێکی بەرفراوانتر هۆکار و بارودۆخەکانی ژنکوژی لە کوردستان شی بکرێنەوە. بۆ نموونە: ئایا ڕێژەی ژنکوژی لە زیادبووندایە؟ ئەگەر وایە، هۆکارەکانی چین؟ زۆربەی ئەو کەسانەی ژنان دەکوژن کێن و پاڵنەرەکانیان چین؟ یاسا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم تاوانانە دەکات؟ دامەزراوەکان تا چەند دەتوانن پێشیان بگرن؟ کۆمەڵگا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی چ ڕۆڵێکیان لە بەردەوامبوونی ئەم توندوتیژییەدا هەیە؟
بێگومان، بکوژ بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی تاوانەکەی خۆیەتی و هیچ شیکارییەکی سیاسی، یاسایی یان کۆمەڵایەتی نابێت ئەم بەرپرسیارییەتییە کەم بکاتەوە. بەڵام کاتێک ژنێک چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە، توندوتیژییەکانی پێشوو تۆمار کراون، داوای یارمەتی کردووە و پۆلیس، دادگا یان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە مەترسییەکە ئاگادار بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دواتر دەکوژرێت، بەرپرسیاریی دامەزراوەکانیش دەبێت بخرێتە ژێر پرسیار. چونکە ئەرکی حکوومەت تەنیا ئەوە نییە کە دوای کوشتن بکوژ دەستگیر بکات و سزا بدرێت؛ ئەرکی بنەڕەتیی حکوومەت ئەوەیە پێش ئەوەی تاوان ڕووبدات، ژن لە مەترسی بپارێزێت و هەنگاوی کاریگەر بۆ ڕێگرتن لە کوشتن هەڵبگرێت
. بۆیە فێمینیزمی کوردستانی پێویستە دەسەڵات و یاسا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەم پرسیارانە بکاتەوە: یاسا چۆن ژن دەپارێزێت؟ بکوژی ژن چۆن سزا دەدرێت؟ ژنێک کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە چ پاراستنێکی دەستبەجێی هەیە؟ پۆلیس چۆن مەترسییەکان هەڵدەسەنگێنێت؟ ژن تا چەند سەربەخۆیی ئابووری و یاسایی هەیە؟ و چ خزمەتگوزارییە یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە دابین کراون تا ژن ناچار نەبێت لەژێر هەڕەشە و توندوتیژیدا بمێنێتەوە؟
کوتا قسە:
کوردستان نابێت بەرامبەر ژنکوژی بێدەنگ بێت یان ڕێگە بدات ژنکوژی ئاسایی بکرێتەوە. ژنکوژی نابی تەنیا وەک "کێشەی خێزانی" یان کارساتی تاوانکاریی تاکەکەسێک تەماشا بکرێت. کاتێک ژنێک چەندین جار دەچێتە لای پۆلیس و هاوار دەکات: ژیانم لە مەترسیدایە و داوای یارمەتی دەکات، بەڵام مەترسییەکە بە جدی وەرناگیرێت و تەنیا دوای کوژرانی لێپرسینەوە دەست پێ دەکات.؛ ئەوا ئەم تاوانە لە خانەی تاوانی بکوژەکە دەردەچێت و دەبێتە بەڵگەیەکی ڕوونی شکستی سیستەمی پاراستن.
ژنکوژی تەنیا تاوانێک دژی تاکە ژنێک نییە؛ هێرشێکە دژی مافی ژیان، ئازادی، کرامەت و سەربەخۆیی مرۆڤ. ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی کوردستان لە سویس بە توندی هەموو شێوەکانی ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان مەحکووم دەکەین و هیچ پاساوێک بە ناوی نامووس، شەرەف، نەریت، ئایین، خێزان یان کەلتوور بۆ کوشتنی ژن نابینین. بە تایبەتی لە کوردستاندا، کاتی ئەوە هاتووە ژنکوژی لە چوارچێوەی کێشەی خێزانی دەربهێنرێت و وەک کێشەیەکی سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە خەڵکی کوردستان بە گشتی داوا دەکەین کە بەرامبەر ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان بە هەڵوێست بن و بێدەنگ نەبن. ژنکوژی بابەتێکی تایبەت بە ژنان نییە؛ بابەتی هەموو کۆمەڵگایە. پاراستنی ژیان و کرامەتی ژنان بەرپرسیاریی هەموومانە. هەروەها لە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان داوا دەکەین کە بەرامبەر هەر ژنکوژییەک هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرا بگرن، داوای لێپرسینەوە و دادپەروەری بکەن، فشاری کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ پاراستنی ژنان دروست بکەن و دەنگی ئەو ژنانە بن کە لە مەترسیدان.
پێویستە لە هەر پەڕاوێکی ژنکوژیدا بپرسین: چی وای کرد ئەم ژنە بێپاراستن بمێنێتەوە؟ کێ لە مەترسییەکە ئاگادار بوو؟ کێ هەنگاوی پێویستی نەنا؟ و چی دەبێت بگۆڕدرێت تا ژنێکی تر قوربانی نەبێت؟ ئازادیی ژن تەنیا ئەوە نییە کە "نەکوژرێت". ئازادیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ژنی کورد بتوانێت بێ ترس بژیت، کار بکات، بخوێنێت، هەڵبژێرێت، «نەخێر» بڵێت، جیا ببێتەوە، خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات و خاوەنی جەستە و سەربەخۆیی خۆی بێت. کوردستانێکی ئازاد و دادپەروەر ناتوانێت لەگەڵ ژنێکی بێماف و بێپاراستن پێکەوە بگونجێت. ئازادیی کۆمەڵگایەک بە ئازادی و ئاسایشی ژنەکانی پێوانە دەکرێت.
بۆیە، بەرەنگاربوونەوەی ژنکوژی تەنیا سزادانی بکوژ نییە؛ پێویستی بە گۆڕینی یاسا، بەهێزکردنی سیستەمی پاراستنی پێشوەختە، سەربەخۆیی ئابووریی ژنان، پەروەردە و گۆڕینی ئەو ڕوانگە و کەلتوورە هەیە کە ژن نەک وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن ماف بەلکوو وەک "موڵک" یان "شەرەف"ی پیاو دەبینێت.