✍🏻 کەژال حاجی عەبباسی
چوار ساڵ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا،کە لە دوای کوژرانی کچە کوردی سەقزی، ژینا ئەمینی لە تاران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەلووچستان و دواتر زۆربەی شارەکانی ئێران و جیهانی گرتەوە؛ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی، هزری نەتەوەیی، و بەشداریی بەرینی ژنان و گەنجاندا خوڵقا. ئەم ڕاپەڕینە مەیدانێکی نوێ و دەرفەتێکی مێژوویی هێنایە پێش کە کورد لە ئاستی ستراتیژیدا نەیتوانی کەڵکی شیاوی لێ وەربگرێت؛ لە ئەنجامدا نەیتوانی هاوکێشەی دەسەڵات بگۆڕێت یان ناوەندێکی هاوئاهەنگ پێک بهێنێت. بەم پێیە، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە نێوان دوو ئاستی دژبەیەک: ئاستی کۆمەڵایەتی و بیری نەتەوەیی کە وەرچەرخانی قووڵی بەخۆیەوە بینی، و ئاستی سیاسی و ڕێکخراوەیی کە هێشتا بەدەست ناهەماهەنگی و ناڕوونییەوە دەناڵێنێت.
لە ئاستی مەیدانی و دەروونیدا، ئەوەی لەم قۆناغەدا خوڵقا بەرهەمی خۆڕاگری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ژنان، گەنجان و بریندارانی ئەو شۆڕشە بوو؛ ئەوان پەیوەندیی دەروونیی کۆمەڵگایان لەگەڵ دەسەڵات داتەکاند، سنووری ترسیان تێپەڕاند و ڕەوایەتییان لە حوکمڕانی سەندەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا سەرکوتی بێبەزەییانە، سێدارە، زیندان و چاودێریی ئەمنی دەریانخست کە دەزگای سەرکوت بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگیی تێکچووی خۆی، ڕێگریی لە سڕینەوەی یەکجارەکیی ترس دەکات.
هێزی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە ژنان بوون، کە بەشدارییە بەرفراوانەکەیان سنووری مافە کلاسیکەکانی تێپەڕاند و بوو بە کاراکتەری ڕێکخستنی شۆڕش. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، شوناسی نەتەوەیی لە پەیامی بنەماڵەی شەهیدان و دروشمەکاندا هێندە تۆخ بووەوە کە بەربەستێکی لۆژیکیی لەگەڵ ڕەوتە ئێرانشارییەکان دروست کرد؛ ڕەوتگەلێک کە بە بیانووی پاراستنی «تەمامیەتی ئەرزی» پاشەکشەیان کرد. هەروەها، لە گۆڕەپانی سەرتاسەری و نێودەوڵەتیدا تا ڕادەیەکی زۆر دروشم و گوتاری سەرەکی لە دەست کورد دەرهێنرا و ناوەرۆکەکەی بە جۆرێک بەکارهێنرایەوە کە سیستم توانی بۆ بەڕێوەبردن و داپۆشینی گرفتە بنەڕەتییەکانی خۆی کەڵکی لێ وەربگرێت، بێ ئەوەی پێگەی بڕیاردانی سیاسی بۆ نەتەوەی کورد بگوردرێ.
لە ڕوانگەی پێکهاتەی جەماوەرییەوە، دەرکەوتنی «نەوەی نوێ» (Gen Z) وەک پێشەنگ، خاڵێکی بەهێزی دیکەی ئەو شۆڕشە یا راپەرینە بوو؛ نەوەیەک کە لە دەرەوەی پێکهاتە حیزبییە کلاسیکەکان و بەشیکیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە شوناسخوازی نەتەوەیی ئاشنا بوون. ئەگەرچی ڕێکخستنی ئاسۆیی و دیجیتاڵی لە گەیاندنی دەنگ و داگیرساندنی ناڕەزایەتییەکاندا کاریگەر بوو، بەڵام ئەم شێوازە لە بەرامبەر سەرکوتی ڕێکخراودا کۆسپی بۆ دروست بوو و نەیتوانی جێگەی پێویستیی ناوەندێکی ستراتیژی بۆ بڕیاردانی هاوبەش، دابینکردنی سەرچاوە و بەردەوامیی خەبات بگرێتەوە.
ئەم بۆشاییە لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکانیش بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە. لە سەرەتادا بەهۆی خێرایی ڕووداوەکان و نەبوونی بەرنامەی پێشوەختە، حیزبەکان تووشی سەرلێشێواوی بوون لە خوێندنەوەی دۆخەکە، هەرچەند دواتر لە ڕێگەی مانگرتن، گەیاندنی هەواڵ و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتییەوە، بە تایبەت کاتی پچڕانی ئینتەرنێت، ڕۆڵێان گێڕا. سەرەڕای ئەوەش، کردارەکانیان کەموکوڕیی گەورەی دەرخست: نەک هەر ناوەندێکی بڕیاردانی یەکگرتوو دروست نەبوو، بەڵکوو تەنانەت چوارچێوەی «ناوەندی هاوکاری»یش تووشی لێکدوورکەوتنەوە هات و لە جیاتی ڕێککەوتنی گشتگیر، کەلێنی گەورە کەوتە نێوان هێزە سیاسییەکان. هاوکات دابڕانی جوگرافیی سەرکردایەتییەکان (لە هەرێمی کوردستان) لە مەیدانی ناوخۆ و نەبوونی میکانیزمی هاوبەش بۆ وەڵامدانەوەی خواستی شەقام، ئەم لێکترازاندنەی زیاتر ئاشکرا کرد.
لە دەرەنجامدا، وانەی مێژوویی شۆڕشەکە ئەوەیە کە گۆڕانکارییە فکری و کۆمەڵایەتییەکان پێویستیان بە بەدامەزراوەییکردن؛ پێکهێنانی ناوەندێکی بڕیاردانی باڵا بە دەسەڵاتی کردەییەوە نەک تەنیا دەرکردنی بەیاننامە؛ بەستنەوەی گوتار بە میکانیزمی باوەری جەماوەری؛ دابینکردنی بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان و چالاکوانانی ناوخۆ لە ناوەندەکانی بڕیاردان؛ دیاریکردنی نەخشەڕێگەی پێوەندی نیوان کورد و نەتەوەکانی دیکە؛ و بەڕێوەبردنی زانستییانەی دیپلۆماسی و ڕاگەیاندن هەیە.
ئەمڕۆ مێژووی کوردستان بە هیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕشی ژینا و شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل؛ دۆخەکە گۆڕاوە و هاوکێشەکان پێیان ناوەتە قۆناغێکی نادڵنیای نوێوە. شۆڕشی ژینا نە دەستکەوتێکی تەواوە و نە شکستی ڕووت، بەڵکوو وەرچەرخانێک بوو کە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و هۆشیاریی نەتەوەییدا شوناسێکی نوێی جێگیر کرد، هاوکات کەلێن و ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی لە ئاستی ڕێکخراوەیی و سیاسیدا خستە ڕوو.