یاسای پەنابەری و بڕیارە نوێیەکان لە سویس
سڵاو کوردستانیانی هیژا
وەک ڕێکخراوی ژنانی کوردستان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان ئاگادارکردنەوەی پەنابەرە کوردستانییەکان لەسەر بارودۆخی یاسایی و بڕیارە نوێیەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکاری پەنابەریە (SEM), سێم لە سویس.
بە دەستپێکی گرژییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، ئیدارەی بەرزی پەنابەری (SEM) سێم وەڵامدانەوەی بۆ هەموو ئەو کەیسانە ڕاگرتووە کە لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێرانەوە هاتوون؛ جگە لەو کەسانەی کە لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە کەیسێکی بەڵگەمەندیان هەیە.
ئەو کەسانەی داوای پەنابەرییەکەیان ڕەتکرابووەوە و ناڕەزاییان (ئیعتیراز) ناردبوو بۆ دادگای فیدڕاڵی، ئەو ناڕەزاییانە ئێستا تاوتوێ ناکرێن و داوا لە (SEM) سێم دەکرێت پێداچوونەوە بەو وەڵامە ڕەتکراوەیانەدا بکات کە دایویەتییەوە؛ چونکە پێی وایە گۆڕانکارییەکان زۆر بە خێرایی ڕوودەدەن و لە ئێستادا دۆخی ئێران وەک ناوچەیەکی نادیار و ناسەقامگیر ناسراوە.
ئەو کەسانەی کە بۆ چەندین جار داوای پەنابەرییەکەیان ڕەت کراوەتەوە و سویس بڕیاری دابوو کە دەبێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، دەتوانم بڵێم زۆربەیان نامەیان بۆ هاتووە کە ئەو بڕیارە ڕاگیراوە. بۆیە زۆر گرینگە ئەگەر لەو ماوەیەدا بەڵگەیەکی دیکەتان لەسەر کەیسی پەنابەرییەکتان هەیە، یان بنەماڵەتان لە ڕۆژهەڵات تووشی کێشەیەک بووە، دەتوانن لە ڕێگەی پارێزەرەکەتانەوە دوای ڕاوێژ، بەڵگە و زانیارییەکان بۆ سێم بنێرن.
ئەم بابەتانەی باس کران، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە سویس داواکاری پەنابەریان تۆمار کردووە و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە جوگرافیای ئێرانەوە هاتوون و کەیسی دۆبلەنیان (Dublin)هەیە.
ئەم دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئەمە پرسیارێکە کە کەس ناتوانێت وەڵامی بداتەوە. ئێمە نموونەی دوو وڵاتی وەکو سووریا و ئێریتریايمان هەیە، کە دوای چەند ساڵێک سێم (SEM) بڕیاری دا یان ئیقامەی کاتی (پێرمی F) یان (پێرمی B )بدات بەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی جوگرافیای ئەو وڵاتانە هاتوون. بۆیە ئەمڕۆ ناتوانین بڵێین ئەم دۆخە چەند دەخایەنێت؛ هەرچەندە ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی کوردستان دەزانین کە دۆخی بنەماڵەکانتان لە ڕۆژهەڵات زۆر ناسەقامگیرە و لە ڕووی دەروونییەوە باش نییە، بەڵام هیوادارین هەرچی زووتر ئارامی بۆ ئەو ناوچەیە و بەتایبەت کوردستانیان بگەڕێتەوە.
هیوادارم کات و ساتێکی خۆشتان هەبێت. ئەگەر پرسیارێکتان هەیە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەڕی (womenofkurdistan.ch) لەگەڵمان پەیوەندی بگرن.
#Women_Of_Kurdistan
#ڕێکخراوی_ژنانی_کوردستان