خاتوو مەرزیە فەریقی ١٩٥٨-٢٠٠٥ ، هونەرمەندێکی ناسراوی کورد، لە مەریوان لەدایک بوو. دوای تەواوکردنی خوێندن،وەک مامۆستا دەستی بە کارکردن کرد و لە هەمان کاتدا، لە ڕێگەی هونەر و گۆرانییەوە،دەنگی خۆی و دەنگی ژنان و خەڵکی کوردستانی گەیاندە کۆمەڵگا.
لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ بەڕێز ناسری ڕەزازی هاوسەرگیری کرد و دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، بووە پێشمەرگە. لە شاخەکاندا، بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و هەست، گۆرانیی نیشتیمانی و شۆڕشگێڕیی تۆمار کرد و بە هۆنەرەکەی بەشداریی خۆی لە خەبات و ژیانی سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە دەربڕی.
لە سەرەتای نەوەدەکاندا چووە سوید و لەوێش بەردەوام بوو لە کاری هونەری و بڵاوکردنەوەی ئەلبووم و بەرهەمی نوێ، کە بابەتەکانی ئازادی، سیاسی، ئەڤینداری و ژیانی کۆمەڵایەتی بوون. خاتوو مەرزیە لە ڕێگەی هونەرەوە دەنگی خۆی و هەستی نەوەیەک لە ژنانی کوردستانی بەهێزتر و بەرزتر کردەوە و بوو بە دەنگێک بۆ ئازادی و بەشداریی ژنان لە بواری هونەر و کۆمەڵگادا.
خاتوو مەرزیە فەریقی لە ١٨ی سێپتامبری ٢٠٠٥ لە ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە سلێمانی بە خاک سپێردرا. بەرهەم و دەنگە بەسۆزەکانی ئەو، وەک بەشێکی نەمر لە گەنجینەی مۆسیقای کوردی، هەروا زیندوون و لە یاد و بیرەوەریی نەوەکاندا دەژین.
ئێمە، وەک ڕێکخراوی ژنانی کوردستان، یادی ئەو هونەرمەندە خۆشەویستە، خاتوو مەرزیە فەریقی، بە ڕێز و شانازییەوە بەرز ڕادەگرین.